Wednesday, October 15, 2025

دوای شۆڕشی شێخ سەعید: کۆچبەری زۆرەملێ و سیاسەتی نەفی کردن (١٩٢٥-١٩٢٩), نووسینی مەروە فرات



دوای شۆڕشی شێخ سەعید: کۆچبەری زۆرەملێ و سیاسەتی نەفی کردن (١٩٢٥-١٩٢٩)

وتار / مەروە فرات

٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٥

لە وێنەکەدا لە چەپەوە بەرەو راست: رەسیم بەگ، خورشید بەگ، فەهمی بەگ لە لجێ، شێخ عەلی ڕەزا ئەفەندی کوڕی شێخ سەعید ئەفەندی (دانیشتوو)، تەوفیق بەگ و ئیحسان نووری پاشا.

ئەم کافرەی ئێرە ئەمساڵ چەند ساڵە تەواو بوو،

دەستی خۆی دەکاتەوە، دیرەگەی دینی محەمەد دەهەژێنێ،

گەورە گەورەی کوردستان کە گرتوویانن، کە کوشتوویانن،

ئەوانەی کە ئیعدامیان کردن، ئەوانەی کە نەفی کران،

ئەمساڵ تەرش و تاڵانی وانیان، هاویشتە شاران،

دەیاندا بەر مەزاتێ، هەی هەی! [١]

(دەنگبێژ حوسەینۆ)


سەرەتا

دوای بزووتنەوەی شێخ سەعید لە ساڵی ١٩٢٥، کۆماری تورکیا، وەک بەشێک لە پلانی ئیسلاحاتی شەرق، سیاسەتی نەفی کردن و کۆچبەری زۆرەملێی بەرامبەر کوردان جێبەجێ کرد. ئەم سیاسەتە، کە سزایەکی قورس بوو، بووە هۆی کۆچکردنی زۆر کەس کە بەشداری بزووتنەوەکە بووبوون یان بە پشتیوانی لەو حەڕەکەتە تۆمەتبار کرابوون، ناچار بوون کۆچ بکەن بەرەو ئێران، عێراق و سوریا. ئامانجی دەوڵەت لەم سیاسەتە ئەوە بوو کە بە بڵاوکردنەوەی کوردان بەپێی جوگرافیا، پۆتانسیەلی بەرخۆدانیان بشکێنێ، کۆمەڵگەی کوردی پارچە بکا، پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، هەستی پێوەبەستەیی و بیرەوەرییەکان لاواز بکا و بەم شێوەیە تواندنەوەی کوردان جێبەجێ بکا. بەڵام، بە شێوەیەکی ئیرۆنیک، هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ لەناوبردنی بیرەوەری، بەهۆی چیرۆکەکانی مەنفا کە لە بیرەوەری خێزانەکانەوە لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێنەوە، نە تەنێ سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو بووە هۆی زیندوومانەوەی بزووتنەوەی شێخ سەعید لە بیرەوەری کۆمەڵایەتی کورداندا.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەم وتارە سیاسەتی نەفی کردن کە دوای ساڵی ١٩٢٥ بەرامبەر کوردان جێبەجێ کراوە و کۆچبەرییەکانی ئەو سەردەمە، بە تایبەتی بە تیشکخستنە سەر بنەماڵەی شێخ سەعید، لێکدەداتەوە. بنەماڵەی شێخ سەعید دوای ساڵی ١٩٢٥ سێ جار نەفی کراون: لە ساڵانی ١٩٢٥-١٩٢٩، ١٩٣٥-١٩٤٧ و ١٩٦٠. بەڵام، ئەم وتارە تەنێ لەسەر کۆچبەری و نەفی کردنەکانی ساڵانی ١٩٢٥-١٩٢٩ دەوەستێ  و دوو تەوەرەی سەرەکی دەگرێتەوە: یەکەم، کۆچبەری پیاوانی خێزانەکە بۆ ئێران و عێراق و پێوەندییە دیپلۆماتی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان (بە تایبەتی شێخ عەلی ڕەزا و شێخ مەهدی) لەوێ. دووەم، نەفی کردنی ژن و منداڵانی خێزانەکە بۆ ئیسپارتا لە چوارچێوەی یاسای جێگیرکردندا. بۆیە، وتارەکە کۆچبەری زۆرەملێ و سیاسەتی نەفی کردن دوای ١٩٢٥ بە رێگەی چارەنووسی بنەماڵەی شێخ سەعید، بە بەکارهێنانی ئارشیڤەکانی خێزانی و شایەدەکانی نەفی کران، دەکۆڵێتەوە. [٢]
کۆچبەری و چالاکییەکانی شێخ عەلی ڕەزا و شێخ مەهدی بۆ ئێران و عێراق (١٩٢٥-١٩٢٨)

کاتێک شێخ سەعید لە پردی عەبدولرەحمان پاشا گیرا، شێخ عەلی ڕەزا و کاروانەکەی لە مەلەزگرێ بوون. بە بیستنی هەواڵی گیرانی، هێزەکانیان بڵاو بوونەوە و هەوڵیاندا خۆیان لە هێرشەکانی دوژمن بپارێزن. پلانیان کرد کە بەرەو چیاکانی ئێران بچن، لە شەمزینانەوە پەیوەست بن بە هێزەکانی ئەوێ و بەرخۆدانەکە بەردەوام بکەن. بەپێی ئەم پلانە، بە هێزێکی نزیکەی ١٤٠ سوارەوە لە مەلەزگرێوە بەرەو ئێران کۆچیان کرد. لە رێگەدا، لەلایەن هۆزەکانی حەیدەران و ئادەمانەوە رووبەڕووی هێرش بوونەوە و بۆ ماوەیەک لە چیای تەندورەکدا مانەوە. لەبەر نەبوونی خواردن، ناچار بوون ئەسپەکانیان بکەنە قوربانی و گۆشتیان بخۆن.
کاتێک گەیشتنە کلیساکەندی  لە ئێران، لە چیاکاندا لەگەڵ سوارەکانی حەسەنان لە چاوەڕوانی دا بوون. هەندێک لە کاروانەکە نەیانویست لەگەڵ ئێرانییەکان کۆببنەوە، بەڵام بۆ ئەوەی شەڕ نەکەوێتەوە، بڕیاریان دا کە بچن. شێخ عەلی ڕەزا لەگەڵ ئەمیر لەشکر کۆبووەوە بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە مافی پەنابەری لە دەوڵەتی ئێران. ئێرانییەکان لە کلیساکەند شەرتیان دانا کە چەکەکانیان رادەست بکەن. شێخ عەلی ڕەزا ئامادە بوو ئەم شەرتە قبووڵ بکا و تەفەنگەکان رادەست بکا، بەڵام کاتێک هەندێک کەس، وەک شەمسەدینی کوڕی خالید بەگ و نەبۆ، ئامادە نەبوون تەفەنگەکانیان رادەست بکەن، ناکۆکی سەری هەڵدا. لە کۆتاییدا، شێخ عەلی ڕەزا تەفەنگەکانی هەموویان کۆکردەوە. بەڵام کاتێک یەکێک لە حەسەنان تەقەی کرد، سەربازە ئێرانییەکان بە مێترالیۆز تەقەیان کرد و ٢٥-٢٦ کەس لەوێ گیانیان لەدەست دا (لەوانە برای شێخ سەعید، شێخ دیادین، و کوڕی خالید بەگ). هەندێک لە ساغەکان هەڵاتن، هەندێک گیران و  دەست بە سەر پارە و زێرەکانیان دا گیرا.
١٥-٢٠ کەس گیران و نزیکەی ٦ مانگ لە زیندانی تەورێزدا مانەوە. دوای ئازادبوون، شێخ عەلی ڕەزا و بنەماڵەکەی چوونە لای سمکۆ ئاغا، بەڵام کاتێک تێگەیشتن کە سمکۆ ئاغا قبووڵ ناکا هێزەکان یەکبخەن، بەرەو رەواندوز چوون و لە ماڵی سەید تەها مانەوە. دوای ئەوەی ئینگلیزەکان دژایەتی مانەوەیان لە رەواندوز کرد، بەرەو بەغدا کۆچیان کرد و ساڵ و نیوێک لەوێ مانەوە. لە ماوەی مانەوەیان لە بەغدا، شێخ سەڵاحەدین لە ئەکادیمیای شەڕ پەروەردەی وەرگرت و شێخ عەلی ڕەزا لە قوتابخانەکان وانەی دەگوت.
سەرنجڕاکێشە کە بنەماڵەی شێخ سەعید لەم سەردەمەدا چالاکییە سیاسییەکانی خۆیان و پێوەندییەکانیان لە هەرێمەکەدا بەردەوام کرد. لە بەڵگەنامەیەک کە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە هەولێر پەیدام کرد، دەردەکەوێ کە شێخ مەهدی، برای شێخ سەعید، لە کانوونی یەکەمی ١٩٢٥دا چاوپێکەوتنێکی گرینگی لەگەڵ رۆژنامەی "
ژیانەوە" لە سلێمانی کردووە. ئەم چاوپێکەوتنە، کە یەکەمین بەڵگەنامەیە کە تا ئێستا ماوەتەوە و تێیدا ئەندامێکی بنەماڵەی شێخ سەعید باسی بزووتنەوەکە دەکا، نزیکەی ٦ مانگ دوای کۆتاییهاتنی بزووتنەوەکە ئەنجام دراوە. شێخ مەهدی لەم چاوپێکەوتنەدا هۆکارەکانی سەرهەڵدان و سەرنەکەوتنی بزووتنەوەکەی باس کردووە. لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا، شێخ مەهدی بەمشێوەیە ناسێنراوە: "شێخ مەهدی ئەفەندی، برای قارەمانی بزووتنەوە و قیامی کوردستانی باکوور شێخ سەعید ئەفەندی." لە خوارەوە بەشێکی گرینگی ئەم چاوپێکەوتنە پێشکێش دەکەم:


لە وێنەکەدا لە چەپەوە بەرەو راست: رەسیم بەگ، خورشید بەگ، فەهمی بەگ لە لجێ، شێخ عەلی ڕەزا ئەفەندی کوڕی شێخ سەعید ئەفەندی (دانیشتوو)، تەوفیق بەگ و ئیحسان نووری پاشا.
"هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ئەو شۆڕشە چی بوو؟"

"راستە کە جەنابی شێخ سەعید ئەفەندی گیرا و بەشێک لە هێزە نەتەوەییەکان ئەسیر کران، بەڵام نابێ  ئەمە وەک شکستی کوردان و سەرکەوتنی تەواوەتی تورکەکان سەیر بکرێ. دەتوانم بڵێم کە هەرچەندە ئیمکاناتمان کەم بوو، سەرکەوتن لای ئێمە بوو. چونکە ئەو هێزانەی کە هێنرابوونە کوردستان، ئەوانە بوون کە لە ماوەی ١٥ رۆژدا سپای یۆنانیان لە ئاناتۆلیا دەرکردبوو و لە ساڵی ١٩٢٠دا سپای نەتەوەیی ئەرمەنیەکان ناچار کردبوون پاشەکشە بکەن. سەرەڕای کەمایەتییەکانمان، ئێمە زۆر زیاتر بەرخۆدانمان کرد. راستە کە ئێستا شۆڕشەکە لەبەرچاو کۆتایی هاتووە، بەڵام چونکە ئەو بیر و هزری پیرۆزە لە دڵی هەر کوردێکدا جێگەی گرتووە و بۆ ئێمە ئاشکرا بووە کە کورد و تورک ناتوانن پێکەوە بژین، هیوادارم کە لە دەرفەتێکی دیکەدا شۆڕشەکە سەرلەنوێ بکرێتەوە و ئێمە بە بەدەستهێنانی مافە شەرعییە نەتەوەییەکانمان سەربکەوین و خۆمان لە ژێر زوڵم و زەبری ئەو بێدینانە دەربخەین."(١٧ی کانوونی یەکەم، ١٩٢٥، سلێمانی، رۆژنامەی ژیان) [٣]
چوار ئەندامی بنەماڵەی شێخ سەعید، لەوانە شێخ دیادین، لە کاتی کۆچکردن بۆ ئێران گیانیان لەدەست دا. ئەوانەی کە مانەوە بریتی بوون لە کوڕەکانی شێخ سەعید (شێخ عەلی ڕەزا، شێخ سەڵاحەدین، شێخ خیاسەدین) و مامیان شێخ مەهدی. وەک ئاماژەم پێ کرد، خێزانەکە هەوڵیدا چالاکییە سیاسی و زانستییەکانی خۆی لە هەرێمەکەدا بەردەوام بکا. لە عێراق، شێخ خیاسەدین لە دەوەری بارزان  لە لای بارزانییەکان گیرساوە. شێخ مەهدی لە مەدرەسەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی وانەی بە منداڵان دەگوت. شێخ فەخرەدین، کوڕی شێخ تاهیر، ئاوا باسی ئەو سەردەمە دەکات:
"شێخ مەهدی برسی و بێ پارە بوو، بەڵام شەرمی دەکرد بڵێت برسیم. تا کاتی خواردن دەهات، دەیگوت: 'دەچم.' خوێندکارەکان دەیانگوت: 'سەیدا، پێش ئەوەی بڕۆی، لەگەڵمان شێو بخۆ.' بەمشێوەیە خواردنی دەخوارد. لە هوتێلێکدا دەنووست، بەڵام پارەی نەبوو بیدا. کەسانی باش هەبوون. گوتی: 'رۆژێک کاتێک لە هوتێلێکدا لە خەودا بووم، پیاوێکی زانا و دەوڵەمەند سەردانی کردم. ناوی ئەو پیاوەی پێ گوتم، بەڵام ئێستا بە بیرم نایە. شەو تێپەڕ بوو و ئەو نەدەڕۆیشت. تێگەیشتم کە شتێک بە من دەدا. دەمویست ئەو شتە بە من بدا و بڕوا تا لەم پەشۆکاویە دەربچم. لە کۆتاییدا، هەستا و کاتێک ماڵاواییمان کرد، جوزدانێکی قورسی خستە گیرفانم. دوای چوونی، جوزدانەکەم کردەوە و زۆر زێری تێدابوو. چوومە بازاڕ و بەو زێرانە هەندێک شتەم کڕی.'" [٤]
شێخ عەلی ڕەزا، کە لە نامەیەکدا بۆ کۆمەلی گەلان خۆی وەک "شێخ سەعیدزادە شێخ عەلی ڕەزای پالوویی، سەرۆکی حکومەتێک کە لە کوردستاندا دامەزراوە" ناساندووە، لەم سەردەمەدا چالاکییە سیاسییەکانی بەردەوام کرد. دیارە کە شێخ عەلی ڕەزا لە قۆناغی دامەزراندنی خۆیبون رۆڵێکی چالاک گێڕاوە و بۆ پێوەندی و هاوپەیمانییە دیپلۆماتییەکان کراوەتر بووە. وەک لە نامەکانی بۆ کادرەکانی داشناکتسیوون دەردەکەوێ، نزیکایەتی لەگەڵ سۆڤیەتەکان خراپ نەدەدی، ئەگەر سوودێکی بۆ کوردان هەبوایە. لەبەر ئەوەی فەڕانسەییەکان نەیانھێشت شێخ عەلی ڕەزا بەشداری کۆنگرەی خۆیبون لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٧ بکا، مامی وی، شێخ مەهدی، لەسەر ناوی بنەماڵەکە بەشداری کرد. بنەماڵەی شێخ سەعید دژ بە پێشنیازی دابەشکردنی زەوی لە نێوان کورد و ئەرمەنیەکان بەپێی تۆمارەکانی سەرژمێری لە کۆنگرەکەدا نارەزایەتییان دەربڕی. دوای ئەم نارەزایەتییە، لە ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٢٨دا نامەیەک نووسرا کە تێیدا گوتراوە شێخ عەلی ڕەزا لە کۆمەڵەکە کەشاوەتەوە. بە یاسای لێبوردنی ساڵی ١٩٢٨ (٢٨ی ئاداری ١٩٢٨)، شێخ عەلی ڕەزا، شێخ مەهدی، شێخ سەڵاحەدین و شێخ خیاسەدین گەڕانەوە کوردستانی باکوور.
نەفی کردنی ژن و منداڵانی بنەماڵەی شێخ سەعید بۆ ئیسپارتا (١٩٢٦-١٩٢٩)

پلانی ئیسلاحاتی شەرق، کە لە ئەیلوولی ١٩٢٥دا ئامادە کرابوو، لە سەردەمی سەرەتای کۆماری تورکیادا وەک یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی ئاسایش و تواندنەوە سەبارەت بە کێشەی کورد دەرکەوت. سیاسەتی نەفی کردن وەک بەشێک لەم پلانە داسەپێندرا. لە سەردەمی عوسمانیدا، کوشتنەکان و کۆچبەری زۆرەملێ بە ناوی "ئیسلاحات" جێبەجێ دەکران و ئەو یەکە لەشکرییەی کە لەم پڕۆسەدا خزمەتیان دەکرد، بە "فرقەی ئیسلاحیە" ناو نرابوون. هەمان کولتور لە سەردەمی کۆماردا بەردەوام بوو و دەسگایەکی تایبەت بە ناوی "فرقەی ئیسلاحاتی نەفی کران" دامەزرا. یەکەمین رێساکانی یاسایی سەبارەت بەم بابەتە "یاسای بناغەکردن" بە ژمارەی ٨٨٥ (٣١ی مایسی ١٩٢٦) و "یاسای گواستنەوەی هەندێک کەس لە هەرێمی رۆژهەڵاتەوە بۆ ویلایەتەکانی رۆژاوا" بە ژمارەی ١٩٠٧ (١٠ی حوزەیرانی ١٩٢٧) بوون. زۆر جار، کردەوەکانی نەفی کردن پێش دەرچوونی یاساکان جێبەجێ دەکران.

     لە ئەغردر، ئەو دوورگەیەی کە بنەماڵەی شێخ سەعید بۆ وێ نەفی کرابوو 

ژن و منداڵانی بنەماڵەی شێخ سەعید، کە لە گوندی قۆلهەسارێی خنووس دەژیان، لە نێو نەفی کراوەکاندا بوون. پێش نەفی کردن، دەست بەسەر هەموو موڵکەکانی خێزانەکە دا گیرا و لە مەزادێکی تایبەت لە خنووس فرۆشران. لە کاتی نەفی کردن، سەرەتا خێزانەکە لە خنووسەوە برانە ئەرزرۆم. لە کاروانی نەفی کران لە ئەرزرۆم، تووشێ سەرۆکی هۆزی حەیدەران، کۆر حوسێن پاشا، هاتن. لە نێوان پاشا و فاتمە خانم، خوشکی خالید بەگی جبری و هاوژینی شێخ سەعید، کە بە کەسایەتییەکی هەڵکەوتوو دەناسرا، گفتوگۆیەک سەری هەڵدا. کاتێک حوسێن پاشا فاتمە خانمی دی، چووە لای و ویستی دڵخۆشی بداتەوە و پێی گوت: "ئێمە چی بکەین؟ هیچ شتێکمان لەدەست نایە." فاتمە خانم وەڵامی دا گوتی: "پاشا، ئێستا هیچ خەمێکم نییە، چونکە پەڵەکەت بە گولیەکەمەوە گرێ دراوە، تۆش هاتووی بۆ من باسی خۆت بکەی؟"
دوای تۆمارکردنی کاروانی نەفی کراوان لە ئەرزرۆم، بە عەرابەی گا برانە ترابزون. لە ترابزونەوە بە کەشتی بۆ ئەستەنبوڵ نێردران و لە ئەستەنبوڵەوە بەرەو ئەنتالیا گوازرانەوە. نیوەی خێزانەکە بۆ موغلای میلاس و نیوەیەکی دیکە بۆ ئیسپارتای ئەغردر نێردران. ئەوانەی کە بۆ ئەغردر نێردران، لە دوورگەیەکی بچووک لە گۆڵەکەدا جێگیر کران، کە نە کەشتییەکی دەریایی هەبوو بۆ گەیشتن بە شار، نە ئاوی خواردنەوە، خواردن یان شوێنێکی گونجاو بوو.
خێزانە نەفی کراوەکان لە زۆر ویلایەت و ناوچەدا بڵاو کرانەوە. جگە لە خێزانی شێخ سەعید، منداڵانی خالید بەگی جبریش بە زۆر لەم دوورگەیە جێگیر کران. دواتر، بەدیعوززمان سەعید کوردی لەو دوورگەیە دامەزرێندرا. نەفی کراوان لەبەر شەرتی نامرۆیانەی دوورگەکە لە وەزعێکی سەختدا بوون و بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕان کە بچنە ناوەندی ناوچەکە. شێخ محەمەد، کوڕی گەورەی خێزانی شێخ سەعید کە ١٤ ساڵی تەمەن بوو، چووە لای قەیمەقامی ئەغردر، ساڵح بەگ، و داوای مۆڵەتی نیشتەجێبوون لە ناوەندی ناوچەکەی کرد. مۆڵەت درا و خێزانەکە کۆچی ناوەندی ناوچەکەی کرد.بەدیعوززمان سەعید کوردی، کە ئاگادار بوو کە خێزانی شێخ سەعید لە ئەغردرە، سەردانی کردن. مەلا سەعید زێرێکی دا بە شێخ محەمەدی ١٤ ساڵان و گوتی: "محەمەد، دوو زێرم هەیە. یەکێکیان بە خێزانی شێخ سەعید دەدەم، ئەوی دیکەش بۆ خۆمە... لێرە هیچ شتێک نییە کە بیکەم. من مەلام. ئەگەر کارێکم هەبوایە کە بتوانم پێی بژیم، نەمدەهێشت نیازتان بە هیچ کەس بێ." [٥]
شێخ ئەحمەد، کوڕی بچووکی شێخ سەعید، نەفی ئیسپارتایە وەها باس دەکات: "پاییز هات، بەفر باری و ئێمە نەفی ئەغردری ئیسپارتا کراین. سێ ساڵ لەوێ ماینەوە. ئاتاتورک لە ساڵی ١٩٢٨دا لێبوردنێکی گشتی دا و ئێمە گەڕاینەوە شاری خۆمان. ماڵەکەمان سوتابوو و هیچ شتێک نەمابوو. سەرلەنوێ ئاوەدانمان کردەوە. لە ساڵی ١٩٣٤دا، دیسان نەفی کراین." لە ٢٨ی ئاداری ١٩٢٨دا لێبوردن درا، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٩دا مۆڵەت درا کە خێزانی شێخ سەعید بگەڕێتەوە شاری خۆیان. [٦]
قسەی کۆتایی

سیاسەتی نەفی کردن تەنها هەڵکەندنێکی میکانیکی نەبوو؛ وەک کردەوەیەکی دەوڵەتی چەندلایەنە بوو کە ئامانجی بێموڵککردن، تواندنەوە و لەناوبردنی بیرەوەری بوو. لە کاتێکدا کە پیاوانی بنەماڵەی شێخ سەعید کە سنوورەکانیان تێپەڕاند، هەوڵیاندا هاوپەیمانییەتییەکی نوێ دروست بکەن و هەبوونی سیاسی خۆیان بپارێزن، ژن و منداڵانی بەجێماو شایەدە بێدەنگەکانی نەفی کران بوون. گرینگە بزانرێ  کە شێخ عەلی ڕەزا بە پێوەندییەکانی لە ئێران و عێراق و هەوڵەکانی بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی خۆی وەک کەسایەتییەکی دیپلۆماتیک دەردەکەوێ، بەڵام ئەم لایەنەی دیپلۆماتیکییەی لە گێڕانەوە مێژووییەکاندا بە تەواوی نەخراوەتەڕوو. هەروەها، چیرۆکی ژنان، کە لە سەرهەڵدانەکە و پڕۆسەی نەفی کراندا رۆڵیان هەبووە، کەم جار باس کراوە.
ئەم چیرۆکانەی پاتراو بوون گرینگن چونکە نیشانی دەدەن کە بیرەوەرییەکان چۆن شکڵ دەگرن. ئەم دەنگانە، کە لە ئارشیڤ، شایەدەکان و گێڕانەوەکانی خێزانەکانەوە سەرچاوە دەگرن، نەک پارچەبوونی بیرەوەرییەکی کۆمەڵایەتی ڕوون دەکەنەوە، بەڵکو نیشانمان دەدەن کە چۆن سەرلەنوێ ساز دەکرێنەوە. بۆیە، نەفی کردن تەنێ وەک شکستی جوگرافیایی نابینرێ، بەڵکو وەک پڕۆسەیەک کە لە بیرەوەریدا هێڵی قووڵ دەکات و بۆ گواستنەوەی لە وەچەیەکەوە بۆ وەچەیەکی تر.

مەروە فرات لە زانکۆی تێکنیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئانکارا خوێندکاری دوکتورایە لە بەشی زانستی سیاسی.

چاوکانییەکان

[١] عومەر گونەش، ئیبراهیم شاهین، ئانتۆلۆژیای دەنگبێژان ٣- دەنگبێژ حوسەینۆ، وەشانی نووبھار، ئەستەنبووڵ، ٢٠٢١، ل. ٥١

[٢] بەشێکی گرینگی ئەم وتارە لە گفتوگۆ و چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ئەندامانی خێزانی شێخ سەعید وەرگیراوە.

[٣] ئەم چاوپێکەوتنە یەکەمجار لەگەڵ ئەم وتارەدا بڵاو دەکرێتەوە. کاتێک بۆ کۆنفرانس و لێکۆڵینەوە لە هەولێر بووم، بەڕێز مەجید ئەم بەڵگەنامەیەی پێدام و بەڕێز حەسەن قازی و بەڕێز عامر تاهیر یارمەتییان دام بیهێنمە سەر خەتی لاتینی. سپاسیان دەکەم. تەواوی دەقەکە و وەرگێڕانی تورکییەکەی لە کتێبی لێکۆڵینەوەمدا بڵاو دەکەمەوە.

[٤] مالمیسانیج. (٢٠٠٩). من شێخ سەعیدم دی. ئەستەنبووڵ: وەشانخانەی واتەی.

[٥] گۆڤاری نووبھار، تەمووزی ١٩٩٦، ژمارە: ٤٦.

[٦] کەمال ئاڤجی، ئاژانسی هەواڵی فورات، ٢٣-٢٤ مایسی ٢٠٠٧


سەرچاوە:
Kurd Araştirmalari  










 

Monday, October 13, 2025

Thursday, October 9, 2025

Friday, October 3, 2025

حەمید بۆزئەرسلان: دڵی کوردستان لە ڕۆژاڤا لێ دەدات

 حەمید بۆزئەرسلان:

دڵی کوردستان لە ڕۆژاڤا لێ دەدات
وەرگێڕان لە عەڕەبییەوە: سۆران جەلیل

(المركز الكردي للدراسات) وتووێژێکی دوورودرێژی لەگەڵ پرۆفیسۆر حەمید بۆزئەرسلان، توێژەری کوردی، پسپۆڕ لە بواری مێژوو و زانستە سیاسییەکان ساز داوە، باسی لە ڕەهەندەکانی پرۆسەی سیاسی هەنووکەی تورکیا دەکات و ئەو کێشانەی کە پێوەندییان بە ددانپێدانانی دەوڵەتەوە بە پرسی کورد و نکۆڵیکردنییەوە هەیە، جگە لە کاردانەوەکانی ئەمە لەسەر سووریا، بەتایبەتی ڕۆژاڤا و ڕۆڵی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە داڕشتنی دیمەنی داهاتوودا. ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوە خوێندنەوەیەکی قووڵی ئەو بابەتانە دەخاتە ڕوو کە تورکیا و ناوچەکە لەسەری وەستاون. ئەمەی خوارەوە دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:

با لە هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ پرۆسەی سیاسی ئێستەی تورکیا دەست پێ بکەین، کە هێشتا ناتوانین ناوی لێ بنێین پرۆسەی ئاشتی؟

پێشتر زۆر شت لەسەر ئەم بابەتە نووسراوە. ڕوونە کە دینامیکییەکی دیاریکراو دروست بووە. سەرەڕای ئەمەش، بەڵام نازانین ئەم دینامیکییە تا چەند دەڕوات. لە واقیعدا، دەبینین لە یەک کاتدا هەم ددانپێدانان و هەم ددانپێدانەنان بە پرسی کورد هەیە. من دەڵێم ددانپێدانان هەیە، چونکە کاتێک پارتی کرێکارانی کوردستان وەک لایەنی بەرانبەر وەردەگریت، کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان (سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان) وەک لایەنی بەرانبەر وەردەگریت، بە جۆرێک لە جۆرەکان قەبووڵی دەکەیت کە ئەم بابەتە بوونی هەیە.

لە ماوەی دە بۆ پازدە ساڵی ڕابردوو بنبەست هەبووە و لەگەڵ ئەم بنبەستەشدا فشارێکی زۆر گەورەش لە دژی کورد دروست بووە. بەڵام سەرەڕای ئەم گوشارانە، بزووتنەوەی کورد لەناو نەچوو، کۆمەڵگەی کوردیش هەڵنەوەشایەوە. ئێمە شایەدی دیاردەی هۆشیاری نەتەوەیی بووین. بەهۆی ئەمەوە یەکێک لەم دوو شتە ڕوو دەدات: یان فشارەکە تا ڕادەیەکی زۆر بەرزتر زیاد دەکات، یان بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێت. لەگەڵ ئەمەشدا، وەکوو وتم، ئەو ددانپێدانانەی هەنووکە بە شێوەیەکی تەواو نییە.

بمبوورە با زیاتر ڕوون بم. کاتێک سەیری لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەیت، ئەمانەی خوارەوە دەبینیت:

یەکەم: ئەم دۆسیەیە هێشتا وەک دۆسیەیەکی تیرۆر سەیر دەکرێت. بەڵام بەدڵنیایییەوە پرسی کورد پرسی تیرۆر نییە. بزووتنەوەی کورد وەک بزووتنەوەیەکی چەکداری لە ئەنجامی بارودۆخێکی دیاریکراو سەریهەڵدا. پرسی کورد دیاردەیەکە تەواوی سەدەی بیستەمی لەخۆ گرتووە. شەرعییەتی دۆزی کورد لە مەترسیدایە، چونکە کاتێک باسی تیرۆر دەکەیت ئەم شەرعییەتە نامێنێت.

دووەم: بانگەشەیەک هەیە کە گوایە پرسی کورد نوێنەرایەتی ئیمپریالیزم و گەمەکانی ئیسرائیل دەکات. ئەمەش ئەستەمە قەبووڵ بکرێت. چونکە وەکوو وتم، پرسی کورد دیاردەیەکە کە بە درێژایی سەدەی بیستەم هەبووە.

سێیەم: یەکگریی نەتەوە، یەکگریی موسڵمانان. بێگومان ئەمە دیاردەیەک نییە قەبووڵ بکرێت. هەر بۆیە هەندێک جار بیر لە ڕووداوەکانی ئیسپانیا دەکەمەوە لە نێوان ساڵی ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٨. لەو کاتەدا، لە ئیسپانیا، پرۆسەیەکی دووانە ڕووی دا. یەکەم، لەم قۆناغەدا، ددان بە دیموکراسی نرا وەک پرسێکی شەرعی، وەک سیستەمێکی شەرعی سەیر کرا و هاوپەیمانییەکی دیموکراسی دروست بوو. دووەم، سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکان، پرسی باسک و کەتەلۆن وەکوو پرسگەلێکی شەرعی قەبووڵ کران. قسەکردن لەسەر نەتەوە تاڕادەیەک هاوشێوەی باسکردنی یەکێتیی مەسیحییەکانە لە ئیسپانیا. بەڵام پرسی نیشتمان پرسی نەتەوە نییە. سەرەڕای ئەمەش، ئێمە چی لە ئەرمەنەکان بکەین؟ ئەرمەنییەکان بەشێک نین لەو نەتەوەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە من پێم وایە برایەتی دیموکراسی پێویستە لەبەرچاو بگیرێت. بەڵام بۆ ئەوەی برایەتی دیموکراسی هەبێت، پێویستە تورکیا خۆی ببێتە دیموکراسی و پێویستە لەسەر کۆمەڵگەی تورکیاش ببێتە دیموکراسی. وەلێ بەداخەوە ئێمە لێرەدا شایەدی بنبەستێکی مەترسیدارین.

لەبەر ئەم هۆکارە باسی هەردوو دیاردەی ددانپێدانان و ددانپێدانەنانم کرد. یان بە واتایەکی تر، شێواندنی پرسی کورد، بە شێوازی جۆراوجۆر، کە تا ئێستە وەک پرسێکی نیشتمانپەروەری سەیر ناکرێت.

کەمێک بگەڕێینەوە دواوە، پێت وایە ئەنجامی هەڵبژاردنە گشتییەکانی ڕابردوو، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، هەڵبژاردنە ناوخۆیییەکانی دواتر (٢٠٢٣ و ٢٠٢٤) هەندێک کاریگەرییان لە داڕشتنی سیناریۆی نوێ ئەمڕۆ هەبووە؟

زەحمەتە بڵێین، چونکە ئێمە زانیاری وردمان لەسەر ئەو پاشخان و ڕێسایانە نییە کە ئەم پرۆسەیە بەهۆیانەوە بەڕێوە دەبرێت. باس لە پرۆسەیەک دەکەین کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ دەستی پێ کردووە. نزیکەی ساڵێک تێدەپەڕێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ڕوو دەدات، هێشتا هیچ زانیارییەکمان لەسەر یاسا و پاشخانەکەی نییە. ئایا باس لەو هەنگاوانە دەکەین کە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (MHP)، سەبارەت بە بەرخۆدانی سەرەتایی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بەرانبەر ئەم ئۆپەراسیۆنە و پاشان قەبووڵکردنی، بە جۆرێک لە جۆرەکان، و سووککردنی فشارەکان لە کوردستان، ئێمە زانیاری تەواومان لەسەر پاشخانەکە نییە. ڕەنگە هەڵبژاردن و ئەنجامەکەی فاکتەرێک بووبێت.

بەڵام جگە لەوەش، دەبێت لە خۆمان بپرسین: ئایا تورکیای نادیموکراسی دەتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات؟ لە کاتێکدا ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەچێت، لە هەمان کاتدا فشارەکان لە تورکیا بە تایبەت دژی پارتی گەلی کۆماری (CHP) زیاتر دەبن و هیچ ئاماژە و نیشانەیەک نییە کە ئەم فشارە کەم ببێتەوە. سەرەڕای ئەمەش، پێدەچێت هەموو شتێک پێوەندی بە هەڵبژاردنەکەوە نەبووبێت. لەوانەیە هەندێک پڕۆژە و حیساباتی تاکتیکی هەبن. بەڵام ئەوەی پێدەچێت ڕوو بدات، دیاردەیەکە لە هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی تێدەپەڕێت.

لەم ڕووەوە چۆن پێناسەی "دۆخی تەندروستی"ی هەردوو پارتی گەلی کۆماری (CHP) و پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) دەکەیت؟

با گریمانەی ئەمە بکەین: لانی کەم لە پارتی گەلی کۆماریدا گەشەسەندنی بەشەکی هەیە، هەرچەندە بەس نییە. چونکە ئەگەر سەیری دامەزراندنی پارتی گەلی کۆماری بکەیت، ئەگەر سەیری مێژووی پارتی گەلی کۆماری بکەیت، ئێمە لەبەردەم ڕژێمێکی هاوشێوەی ئیتالیا لە سەردەمی مۆسۆلینیداین. پارتی گەلی کۆماری لەسەر دەستی ئەوانەی جینۆسایدیان کرد دامەزرا. دەسەڵاتی جەهەپە بە قۆناغێکی نکۆڵیکردن لە پرسی کورد بەڕێوەچوو و توندوتیژییەکی ترسناک دژی کورد کرا. جەهەپە لەم ڕووەوە نەیتوانیوە مامەڵە لەگەڵ مێژووی خۆی بکات. بەڵام لە لایەکی ترەوە، بە جۆرێک حیزبێکە کە چیتر ناتوانێت نکۆڵی لە بوونی پرسی کورد بکات.

هەر بۆیە هەندێک پێشهات لە پارتی گەلی کۆماریدا هەیە، هەرچەندە بەس نییە. پرۆسەی دیموکراسیکردنی جەهەپە دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لە گۆڕانی دیموکراسیی تورکیادا بگێڕێت. بەڵام پارتی گەلی کۆماری هێشتا نەگەیشتووەتە ئەم قۆناغە.

وەلێ سەبارەت بە پارتی داد و گەشەپێدان، من نازانم. بەدڵنیایییەوە ناتوانم تەنانەت بچووکترین پێشبینیش لەبارەی داهاتووی ئەو پارتەوە بخەمە ڕوو. پێم وا نییە کورد دەنگ بە ئاکەپە بدات. بۆ ئەمەش هۆکاری جیاواز هەیە، هۆکاری مێژوویی. هەروەها سۆسیۆلۆجیای دەنگدەرانی کوردیش ئامادەیی هەیە.

بۆ نموونە لە کوردستان دیاردەی حیزبوڵڵا (پارتی دۆزی ئازاد/ هودا پار - HÜDA PAR) هەیە. هودا پار دەتوانێت ١٠٠ هەزار کەس لە دیاربەکر کۆ بکاتەوە. بەڵام هۆدا پار هەرگیز لە سەددا ٠-٢ لە سەرانسەری وڵاتدا تێپەڕ ناکات. دەمەوێت بڵێم بەشێکی زۆر گەورەی کۆمەڵگەی کوردی هەستێکی دیموکراسی هەیە و لە نەریتێکی چەپەوە سەرچاوەی گرتووە. وەکوو خۆم، پێم وا نییە کورد ڕوو لە ئاکەپە بکات، یان گوتاری ئاکەپە لەسەر میللەت و شەریعەتی ئیسلامی هیچ سەرنجڕاکێشییەکی بۆ زۆربەی کورد هەبێت.

چۆن لە ڕۆڵی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست و بەتایبەت دەوڵەت باخچەلی دەڕوانن؟

گەورەترین نهێنی، گەورەترین مەتەڵ، ئەمەیە. تا ئێستە پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (MHP) توندڕەوترین پارتی دژە کورد بووە. نازانم لە ئاستی گوتاردا تا چەند پێشکەوتن بەدی هاتووە. وەک وتم هێشتا پرسی کورد قەبووڵ نەکراوە. بەڵام ڕەنگە بتوانین باسی عەقڵی ستراتیجی بکەین؟ نازانم. چونکە ئەم پرۆسەیە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە لایەن دەوڵەت باخچەلیەوە دەستی پێ کردووە. لە لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلیدا بە شێوەیەکی سیستماتیکی ئەمانەی خوارەوە سەریان هەڵدا: ئیسرائیل و ئیمپریالیزم. باخچەلی دەڵێت، ئەگەر نەتوانین ئەم پرسە چارەسەر بکەین، ئیسرائیل یان ئیمپریالیزم بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵ دەدەن لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بهێنن. کاتێک باخچەلی ئەم وتارەی پێشکەش کرد، هێشتا شەڕی لوبنان دەستی پێ نەکردبوو. هێشتا ڕژێمی بەشار ئەسەد نەکەوتبوو. بەڵام ئەم دیاردەیە، دیاردەی ترس، دیاردەی پیلانگێڕی، ئامانجی کۆتایی ئیسرائیل تورکیایە و وتنی هەموو ئەمانە بێگومان ڕەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشداری کردبێت لە پاڵنانی بەرەو پرۆسەی ئێستە.

پرسی کورد بووەتە سەرەکی لە ژیانی سیاسی تورکیا. ئەو لایەنانەی کە باس لەم بابەتە دەکەن، بە جۆرێک وەک ئاماژەت پێ دا، لە ڕووی پێکهاتەوە زۆر کۆنن، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان بەهۆی ئاڵنگاری پرسی کورد، بەردەوامن لە پاراستنی پێکهاتەی ڕاستەقینەیان. ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت، ژیانی سیاسی چۆن دەبێت و بە باوەڕی ئێوە ئەم پارتانە چۆن بگۆڕدرێن؟

هەروەها وەڵامی ئەم پرسیارەش زۆر قورسە چونکە سیستەمەکە خۆی ماندوو بووە. سیستەمەکە بەتەواوی گەندەڵە. توانای یەکخستنی سیستەمەکە زۆر کەمە. ئێمە ئەمە بە شێوازی جیاواز دەبینین. بۆ نموونە، پرسی ئابووری. لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بەرەوڕووی قەیرانێکی بەردەوام بووینەتەوە. ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١٩، وتی: "دەسەڵات بدە بە برات، ئاماژەی بۆ خۆی کرد؛ لە ماوەی سێ مانگدا ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەم." بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩، ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا بوو و ساڵانێکی زۆر بوو لە دەسەڵاتدا بوو. باوەڕم وایە قەیرانی ئابووری لە ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥ لە ئاستێکی زۆر مەترسیداردا بەردەوام بووە.

با چاوێک بە سیاسەتی دەرەوە بخشێنین. تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە و بەردەوامیشی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا، هیچ قۆناغێکی بێ قەیران لەگەڵ میسر، ئیمارات، سعوودیە، ویلایەتە یەکگرتووەکان، یان ڕووسیا نەبووە. لە کۆتاییدا، تورکیا ناچار بوو پاشەکشە بکات. حکوومەت خۆی زۆر ماندووە.

ئێمە لەبەردەم ئیدارەیەکی زۆر کۆنداین. بیست و دوو ساڵ کاتێکی زۆر درێژە و نیشانە جیاوازەکانی دەبینین و نیشاندەری جیاواز هەیە. بۆ نموونە، ئەردۆغان دەیەوێت هەموو ژنێک سێ یان پێنج منداڵی هەبێت. لە ئێستەدا ڕێژەی منداڵبوون لە تورکیا ١.٥، و بەرەو ١.٣ دەڕوات. بۆیە دەبینین کەلێنی زۆر جددی لە نێوان کۆمەڵگە و ئیدارەدا هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، پێدەچێت پارتە چەپەکان لە تورکیا، وەک لە باقی جیهاندا، نەتوانن بابەتی هاوبەش بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە دەوری یەک بگرن.

ئەمە کێشەی کلاسیکی چەپەکانە لە تورکیا. ئێستە چەند حیزبی چەپ هەیە؟ نازانم، ڕەنگە دوازدە، یان پازدە. دەسەڵاتی دەنگدانیان نزیکەی لەسەددا ٣-٤. ئەگەر بتوانن یەک بگرن و دینامیکی نوێ دروست بکەن، ڕەنگە بتوانن ئەو ڕێژەیە زیاد بکەن. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەبێت هاوپەیمانی پارتی گەلی کۆماری بن. پێویستیان بەوەیە بەڕوونی هاوپەیمانی بزووتنەوەی کوردی بکەن. بەڵام پێم وایە ئەم پارتە چەپانە ئیتر گوتارێکیان نییە کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە کۆمەڵگەدا هەبێت.

دەبێت ئەمە لەبەرچاو بگرین. بۆ نموونە، نموونەی ئیسپانیا زۆر گرنگە، بەڵام لە هەمان کاتدا، پێویستە شانبەشانی ئەو نموونەکانی یۆنان و پورتوگالیش لەو سەردەمەدا لەبەرچاو بگیرێت. لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، گۆڕانکارییەکی جددی لە چەپدا ڕووی داوە. نۆژەنکردنەوەیەکی گەورە کراوە. بۆ نموونە من بیر لە هەوڵی نیکۆس پۆلانتزاس دەکەمەوە. پڕۆژەیەکی هەبوو بۆ نوێکردنەوەی مارکسیزم. ئێمە لە تورکیا هیچ کام لەمانە نابینین.

ئەو بانگەوازەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری کورد، لە ٢٧ی فێبریوەری ٢٠٢٥، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

وەک وتم، ئێمە زانیاری وردی پاشخانمان نییە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەدروستی لێک بدەینەوە، لەوانەش ئەم بانگەوازە. زۆر قورسە بۆ ئێمە بزانین لە پشت پەردەوە، لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە چی ڕوو دەدات. بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی تەسلیمبوون نییە. لەو بانگەوازەدا، ڕاستییەک هەیە کە سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە.

خەباتی چەکداری لە هەلومەرجی سەدەی بیستەمدا ڕووی دا. ئێمە ساڵانی حەفتامان لەبیرە. ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو قۆناغێک بوو کە توندوتیژی شۆڕشگێڕانە بە ڕەوا دادەنرا، شەڕی گەریلایی بە ڕەوا دادەنرا و شەڕەکانی دژە کۆلۆنیالیزم بەردەوام بوون. جەنگی ڤێتنام لە ساڵی ١٩٧٥ کۆتایی هات و لەو کاتەدا وەک سەرچاوە (مرجع) سەیر دەکرا. بزووتنەوەی فەلەستینی لەو سەردەمەدا زۆر گرنگ بوو. هەروەها شەڕی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووی دا. لە ئێران و لوبنان و شوێنەکانی تر ئەم هەلومەرجانە نەماون.

دووەم، گۆڕانکارییەکی زۆر جددی لەناو خودی کۆمەڵگەی کوردیدا ڕووی داوە. لە ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو، لە سەددا ٧٥ی کۆمەڵگەی کوردی گوندنشین بوو. ئەمڕۆ دانیشتوانی گوندەکان لە سەددا ٢٠ کەمترە. لە ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو، چینی ناوەند لەناو کورددا نەبوو. ئەمڕۆ، پرۆسەی پێکهێنانی چینی ناوەڕاست هەیە. ئەمڕۆ، ناسنامەی کوردایەتی زۆر بەهێزترە، لە ئەدەب و سینەما و شانۆدا. بۆیە زۆر ئەستەمە کۆمەڵگەی کوردی پشت بە سەرچاوە کۆنەکان ببەستێت.

ئەمە ڕاستی یەکەمە؛ کۆتاییی خەباتی چەکداری. دووەم، پێم وایە حکوومەت زۆر دڵخۆش نەبوو بە بیرۆکەی بەستنەوەی پرسی کورد بە دیموکراسییەوە. هەروەها پرسی کورد وەک یەکێک لە مەرجەکانی گۆڕانی دیموکراسی لە تورکیا سەیر دەکرێت. ئۆجەلان ئەوەشی بیر هێنایەوە. سێیەم، پێم وایە تورکیا چاوەڕوانییەکی زۆر بەرزی هەبوو. ئۆجەلان هیچی لەبارەی سووریا و ڕۆژاڤا نەگوت. چونکە ئێستە لێرەدا هۆشیارییەک هەیە کە ئامانجی کۆتایی تورکیایە، سەرەڕای هەموو شتێک، یان لەناوبردنی ڕۆژاڤا یان بە شێوەیەک دەستی بەسەردا بگرێت.

هیچ پرۆسەیەکی ئاشتی و دانوستاندنێک بە هیچ پرۆسەیەکی تر بەراورد ناکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا، هەندێک پرس هەن کە لە هەموو پرۆسەکاندا باس دەکرێن. بۆ نموونە، لە ئیرلەندا یان کۆڵۆمبیا، بینیمان یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان زیندانییە سیاسییەکان بوو، ئەوی دیکەش گەڕانەوەی یاخیبووان بوو بۆ ناو کۆمەڵگە. پێت وایە هێشتا زووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە لەم پرۆسەیەی ئێستەی تورکیادا؟

پێم وایە جیاوازییەکە بەبەراورد لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی تر ئەمەیە: ئێمە لەبەردەم شەڕی گەریلایی کلاسیکیدا نین، چونکە ماوەی ١٠ ساڵە پەکەکە لە تورکیا چالاکی نییە. پرسی کورد تەنیا پرسی یەک وڵات نییە، بەڵکوو پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. نەها دڵی کوردستان لە ڕۆژاڤا لێ دەدات و هەمووان ئەوە دەزانن. بۆیە من پێم وایە ناتوانرێت بەراورد بکرێت لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی تر. لە واقیعدا، لەم قۆناغەدا، تەنانەت ناتوانین بڵێین لە پرۆسەی ئاشتیداین.

پێم وایە ئێستە گرنگترین پرس مسۆگەرکردنی ئایندەی ڕۆژاڤایە. ئەمەش بە واتای دڵنیابوون لەوەی کە پێگەی ڕۆژاڤا قەبووڵ دەکرێت. ئەمەش بە مانای دداننان بە ڕەوایەتی دۆزی کورد لە عێراق و سووریاش دێت. ئەگەر بەوردی باسی ئەم بابەتە بکەین، ئەوە مانای ئەوەیە کە توانای تێپەڕاندنی سنوورەکان - و منیش ناڵێم دەوڵەتەکان نەمێنن - و لە هەمان کاتدا، ددانپێدانانی کورد وەک قەوارەیەکی بەکۆمەڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت ڕوو بدات. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، هاوکات لەگەڵ دداننان بە بوونی پرسی کورد لە تورکیا، بابەتەکانی دیکە، بە بۆچوونی من، دێن و یەک لەدوای یەک گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

ئەو کاتە هەڵسەنگاندنتان بۆ دۆخی سووریا چییە؟

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ڕۆژاڤا چۆن گەشە دەکات؟ ئایا تورکیا درێژە بە ستراتیجییەکەی دەدات بۆ لەناوبردنی ڕۆژاڤا؟ چونکە ئەمە بەوردی ستراتیجیی تورکیا بووە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا. یان تورکیا بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕۆژاڤا قەبووڵ دەکات؟

ڕۆژاڤا وەک بەشێک لە سووریا. ئایا بەشێکی تایبەت دەبیت؟ ئایا بەشێک دەبێت کە تایبەتمەندی ناوچەیی هەبێت؟ دیارە ئێمە نازانین. پێشهاتەکان و دانوستاندنەکانی نێوان دیمەشق و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا چۆن دەبێت؟ هەندێک لە تورکیا لە ئێستەدا دەیانەوێت ئیدارەی دیمەشق هێرش بکاتە سەر ڕۆژاڤا و ئەمەش مەترسییەکی زۆر گەورە بۆ ڕۆژاڤا دروست دەکات.

لە هەمان کاتدا، مەترسییەکی زۆر گەورەش بۆ سەر تورکیا دروست دەکات. چونکە تێچووی دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی نوێ لە سووریا زۆر زۆر دەبێت. هەندێک هۆکار هەن کە دە ساڵ لەمەوبەر نەبوون. ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئێستەدا لە دۆخێکی زۆر چالاکدایە و ئیسرائیلیش ئامادەیە.

ئەوە تا چەند دەبێت؟ زۆر بەدوور دەزانرێت فیدرالیزم هەبێت، بەڵام ڕەنگە ئۆتۆنۆمی بێت. بەڵام چ جۆرە ئۆتۆنۆمییەک؟ ڕۆژاڤا وەک پڕۆژەیەکی کوردی سەریهەڵدا. بەڵام ناوچە ئۆتۆنۆمەکان لە ئێستەدا لە ڕۆژاڤا تێدەپەڕێنن و دەگەنە لە سەددا ٣٠ی ڕووبەری سووریا. شارەکانی وەک دێرەزوور و ڕەققە و ئەو شارانەی تر کە کوردی نین. ئایا کورد لەوێ بەردەوام دەبێت؟ لەژێر چ بارودۆخێکدا بەردەوام دەبن لە مانەوە؟ کەواتە، لە ئێستەدا ناتوانین وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە بدەینەوە، بەڵام گرنگترین پرس لە ئێستەدا دەستەبەرکردنی بەردەوامیی ڕۆژاڤایە.

پێت وایە ئەو ڕێککەوتنە هەشت خاڵییەی کە بەم دواییە لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی واژۆ کرا، دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت؟ مەبەستم ئەوەیە ئێستە جێبەجێ دەکرێت؟

هەموو بارودۆخەکان لەبارن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە. سەرەڕای ئەمەش، هەندێک کێشە هەیە، وەک پێشتر باسم کرد. یەکێک لەو کێشانە ئەنقەرەیە. ئایا تورکیا دەسەڵاتی خۆی بۆ ڕێگریکردن لە ڕێککەوتنەکە بەکار دەهێنێت؟ فشارەکانی تورکیا چی دەبێت؟ دووەم، پرسی سووریا. لە ئێستەدا دوو کێشەی جددی لە سووریا هەیە:

یەکەم: ڕژێمی سووریا پشتیوانی جەماوەری نییە، دەسەڵاتی نوێنەرایەتی نییە، ئەحمەد شەرعیش کەسایەتییەکە تەنیا ١٨ میلیشیا قەبووڵیان کردووە. من تەنانەت باسی دیموکراسیش لە سووریا ناکەم؛ بۆ گەیشتن بە پێکهاتەیەکی یاسایی، پێکهاتەیەکی نیشتمانی، دەبێت کۆتایی بە میلیشیاکان بهێنن. هەیئەی تەحریری شام خۆی میلیشیایە و سوپای تازەدروستبوو پشت بە میلیشیاکان دەبەستێت. ئایا دەتوانین لەم عەقڵیەتە میلیشیایییە دەربچین و خەریکی پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت بین؟

دووەم: هەیئەی تەحریری شام، وەک هەموومان دەزانین، ڕێکخراوێکە لە ئەلقاعیدە سەرچاوەی گرتووە. تەنانەت ئەگەر سەرکردەکانی بۆینباخیش لەبەر بکەن، من بەتەواوی دڵنیا نیم کە وازیان لە پڕۆژەی ئیمارەتی ئیسلامی یان هەژموونی سوننە هێناوە. ئەم هەژموونی سوننەیە بە مانای هەژموونی عەرەبیش دێت. سووریا باجی قورسی بۆ ناسیۆنالیزمی عەرەبی داوە. سووریا باجێکی زۆری بۆ تائیفەگەری داوە. ئێستە ئەگەر بە پێچەوانەوە بیر بکەیتەوە، ئەوا فاکتەری تائیفی بە شێوەیەک لە شێوەکان دەردەکەوێت. کۆمەڵکوژییەکانی دژی درووز و عەلەوییەکان ئەمەیان نیشان دا.

کەواتە، پێم وایە نادڵنیایی سەرەکی لە دیمەشق خۆیدایە. حکوومەتی دیمەشق چۆن گەشە دەکات، تورکیا چۆن گەشە دەکات؟ ئەحمەد شەرع لە چەند ڕۆژێک پێش ئێستە ڕایگەیاندبوو کە ڕێککەوتن لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان، تورکیا، دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا، دەبینین کە لێدوانە هەڕەشەئامێزەکان بەردەوامە. حکوومەتی کاتی بەردەوام دەڵێت: "ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت هێرش دەکەین." ئەو لێدوانە هەڕەشەئامێزە هێشتا هەیە. کەواتە، پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن دەتوانرێت ئەم دۆخە بگۆڕدرێت؟ ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر ستراتیجیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەبێت، جارێ نازانین. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕین.

پێت وایە تورکیا بە تێپەڕبوونی کات هاوپەیمانییەکانی خۆی پێناسە بکاتەوە؟ بەڕوونی خەبات دەکات بۆ بەدەستهێنانی گرنگی ستراتیجی. پێت وایە لەم ڕووەوە سەرکەوتوو دەبێت؟

پێم وا نییە تورکیا گرنگییەکی ستراتیجی ئەوتۆی هەبێت. لە پرسی ئۆکراینادا، تورکیا هیچ بوارێکی بۆ مانۆڕکردن نییە. لە قەفقاز، لە ئێستەوە نفوزی تورکیا لە دابەزیندایە. ئۆپۆزسیۆنێکی زۆر بەهێز لە دژی تورکیا لە عێراق هەیە. حکوومەتی ئێستەی سووریا تاڕادەیەک وابەستەی تورکیایە، بەڵام لەهەمان کاتدا وڵاتێکە نایەوێت تایبەتمەندییەکانی خۆی لەدەست بدات.

پێوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل زۆر خراپە. تورکیا پێوەندییەکانی لەگەڵ میسر و سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی باشتر کردووە، بەڵام ئەمە هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەقینەی نەبووە، واتە هیچ سوودێکی نییە. بۆ نموونە، زۆر ڕوونە کە لە ئێستەدا میسر و یۆنان و قوبرس لە هاوپەیمانییەکدان لەگەڵ ئیسرائیل. جا چ لە ڕووی دەریاوە، واتە ناوچەی کیشوەری و دەریایی، یان لە ڕووی بۆری نەوت و وزە. لە هەموو ئەم بوارانەدا، نەمانبینیوە تورکیا سەرکەوتنی ئەوتۆ بەدەست بهێنێت. تورکیا چاوەڕێی ئەوە بوو بڕە پارەیەکی زۆر لە کەنداو وەربگرێت، بەڵام ئەوەندەی من دەیبینم ئەوە ڕووی نەدا. بۆیە پێم وا نییە تورکیا لە پێگەیەکی ستراتیجی زۆر گرنگدا بێت.

باسی ئیسرائیل بکەین، پێدەچێت کەس نەتوانێت ڕێگری لێ بکات.

بێگومان دۆخێکی زۆر خراپە، بەڕاستی زۆر خراپە. پێم وا نییە هیچ فشارێک لەسەر ئیسرائیل هەبێت.

ئیسرائیل پێشتر دیموکراسییەکی گەندەڵ بوو. ئێستە زۆر ئەستەمە تەنانەت باس لە دیموکراسی لە ئیسرائیل بکرێت. واتە ئیسرائیل بە سروشتی ڕژێمەکەی بووەتە ڕژێمێکی جەنگی - تەنانەت با ناوی نەهێنین بە ڕژێمی سەربازی. سیستەمی جەنگە. ئیسرائیل بووەتە کۆمەڵگەیەکی جەنگی.

نازانم ئەمە تا کەی بەردەوام دەبێت. بێگومان ئەمە کۆمەڵێک پرسیاری جددی لە کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا دەورووژێنێت، هەروەها باسێکی زۆر گرنگ لە نێوان جووەکانی دەرەوەی ئیسرائیل. زۆرێک لە ڕووناکبیرانی جوو بە ئاشکرا ئیدانەی ئیسرائیل دەکەن، بەڵام پێم وا نییە زۆر شت بگۆڕێت. لەو باوەڕە نیم زۆر شت بگۆڕێت چونکە دیاردەیەک هەیە، دیاردەی تێکەڵبوونی دوو جۆری زایۆنیزم، زایۆنیزمی ئیسکاتۆلۆجی و زایۆنیزمێک کە نوێنەرایەتی ناسیۆنالیزم دەکات لە سەدەی نۆزدەمدا. زایۆنیزمی داروینی کۆمەڵایەتی، زایۆنیزمی ئۆرگانی. تێکەڵبوونی ئەم دوو جۆرە ئیسرائیلی گەیاندووەتە خاڵێک کە نەتوانرێ بوەستێنرێت. لە ڕوانگەی منەوە، گرنگترین پرس، بێگومان پرسی فەلەستینە. هەر پرسێکی غەززە و لە هەمان کاتدا بێگومان کەناری ڕۆژئاوا. کۆلۆنیالیزم لەوێ بەردەوامە و من گەشبین نیم.

لەم ساڵانەی دواییدا زۆرجار باس لە پەیماننامەی نەتەوەیی (میساقی میللی) لە ئەدەبیاتی پێوەند بە کوردستان و تورکیاوە کراوە. ئایا ئەم پەیماننامەیە ڕێککەوتنێک بوو لەسەر جوگرافیایەکی ونبوو یان پەیمانێکی هاوبەش لەسەر بنەماکان؟ چۆن دەتوانرێت پێناسە بکرێت؟

لە واقیعدا، جاڕنامەی نەتەوەیی سوێندێکە. واتە بەڵێنێکە کە پەرلەمانی ئیستەنبووڵ لە ساڵی ١٩٢٠ پەسەندی کرد. "ئەم زەویانە بەدەست دەهێنینەوە"، واتە ئەو زەویانەی لە نۆڤەمبەری ساڵی ١٩١٨ لەژێر ئیدارەی عوسمانیدا بوون، دەگەڕێنەوە بۆ عوسمانییەکان. ئەم خاکانە بریتین لە حەلەب، عێراق و کوردستان، هەروەها هەندێک ناوچەی ڕۆژاڤا. بەڵام وەک وتم ئەم سوێندخواردنە ڕێککەوتن نییە. ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی نییە، ڕێککەوتنی نێوان تورکەکان نییە، دەقێکە کە پەرلەمان پەسەندی کردووە.

بەڵام دواتر ئەم پەرلەمانە هەڵوەشایەوە. ئەگەر سەیر بکەین، پەرلەمانی ئەنقەرە دامەزرا. پەرلەمانی ئەنقەرە لە دینامیکێکی تەواو جیاوازەوە دەستی پێ کرد. پەیمانی لۆزان واژۆ کرا - واتە بوونی تورکیا پێوەستە بە پەیمانی لۆزانەوە. ئەگەر سبەی هەلومەرجێک سەرهەڵبدات، ئایا تورکیا دەیەوێت ئەو خاکانە داگیر بکات؟ بە چ نرخێک دەتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت؟ چ هاوپەیمانییەک بۆ داگیرکردنی پێک دەهێنرێت؟ لێرەدا ئیسرائیل چۆن دەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت؟ ئەمریکا و ئێران چۆن دەتوانن لە هەموو ئەمانەدا ڕۆڵیان هەبێت؟ ناتوانین هەموو ئەمانە بزانین. کەواتە، بۆ من لە ئێستەدا، ئەمە تا ڕادەیەک لە ئاستی گوتاری ڕەوانبێژی دەمێنێتەوە. جۆرێکە لە بیرکردنەوەی تۆڵەسەندنەوە کە بەم بیرۆکەیە زیندوو ڕاگیراوە، هەروەها ئەو گوتارە ڕەوانبێژانەی کە بڵاوکردنەوەی ڕستەی وەک "ئێمە ئەم شەڕەمان نەدۆڕاند، جەنگی یەکەمی جیهانی هێشتا بەردەوامە و بەردەوامی پێ دەدەین، تۆڵەی مێژوو دەکەینەوە." بێگومان ئەمە گوتارێکی زۆر مەترسیدارە. بەڵام بۆ ئێستە، پێم وایە باشترە تەنیا وەک گوتار سەیری بکەین.

وەرگێڕان: سۆران جەلیل

---------------------------------------------------------

• ئەم چاوپێکەوتنە (المركز الكردي للدراسات) لەگەڵ حەمید بۆزئەرسلان سازی داوە و بە ناونیشانی (حميد بوز أرسلان: قلب كردستان ينبض في روجآفا)، ٢ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥، لە سایتی هەمان ناوەند بڵاو کراوەتەوە.

•• پرۆفیسۆر حەمید بۆزئەرسلان، پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا و پرسی کوردە. لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە بەڕێوەبەری توێژینەوەیە لە بەشی خوێندنی باڵا لە قوتابخانەی باڵای زانستی کۆمەڵایەتی (EHESS) لە پاریس. لێکۆڵینەوەکانی زیاتر لەسەر توندوتیژی سیاسی، توتالیتاریزم، پێکهێنانی دەوڵەت و دینامیزمی کۆمەڵایەتی-سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چڕ بووەتەوە. بۆزئەرسلان بەشدارێکی بەردەوامی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی فەرەنسی وەک لۆمۆندە. خاوەنی کۆمەڵێک کتێبە لەوانە: پرسی کورد؛ دەوڵەت و کەمینەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (١٩٩٧)، لە خەباتی سیاسییەوە بۆ خۆبەختکردن؛ توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (٢٠٠٤)، مێژووی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کۆتاییی ئیمپراتۆری عوسمانییەوە تا ئەلقاعیدە (٢٠٠٨)، مێژووی تورکیا، لە ئیمپراتۆرییەوە بۆ ئێستە (٢٠١٣)، شۆڕش و دەوڵەتی توندوتیژی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ٢٠١١-٢٠١٥ (٢٠١٥)، قەیران، توندوتیژی و دژە شارستانیەت (٢٠١٩)، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر سێبەری توتالیتاریزم (٢٠٢١)، دژە دیموکراسی سەدەی بیست و یەکەم: ئێران، ڕووسیا و تورکیا (٢٠٢٣)، ئۆکراینا: کوێری دووانە (٢٠٢٣).

Thursday, October 2, 2025

Monday, September 29, 2025

Monday, September 15, 2025